تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کۆڵن
- زمان Kölsch
خه‌ڵکی کۆڵن رۆژانه به زمانی ستانداردی ئاڵمانی قسه ده‌که‌ن، به‌ڵام هه‌ستی و کرداری رۆژانه و ره‌خنه‌کانیان له تۆی دیالێکتی “کۆلش”ه‌وه ده‌رده‌بڕن، که خۆیان به زمانی ناو ده‌به‌ن. کۆلش زمانێکی زیندووه و کولتور و شانۆ و ئه‌ده‌بیات و موسیقا و گۆرانی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. ویلی میلۆویچ هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی شانۆ و سینه‌مای ئاڵمان زۆربه‌ی کاره‌کانی به زاراوه‌ی کۆلش له میلۆویچ تئاتر پێشکه‌ش ده‌کرد، که ئێستاش له لایه‌ن منداڵ و نه‌وه‌کانیه‌وه به‌رده‌وامه. گروپی موسیقای ” Höhner” به‌شێک له گۆرانییه‌کانیان به زاراوه‌ی کولش ده‌چرن. زمانی ره‌سمی کارنه‌واڵی کۆڵن به خوێندن و نووسین، زاراوه‌ی کۆلشه. زمانی کۆڵش له ئه‌نیستیتۆی تایبه‌ت به‌و زمانه و شوێنی دیکه فێرده‌کردرێ. به زمانی کۆڵش کتێب و کاسێت و سی دی له بازار و کتێبخانه‌کان هه‌یه.
- دۆم Der Dom
گه‌ڕانه‌وه بۆ وڵات و زێد و نیشتمان هه‌ستێکی تایبه‌ت له مرۆڤدا پێك ده‌هێنێ، نزیک بوونه‌وه له شار و بینینی کلیسای دۆم ئه‌و هه‌سته له لای کۆڵنییه‌کان پێک ده‌هێنێ. ئه‌وه‌ش نه‌ک ئه‌مڕۆ به‌ڵکو به سه‌دان ساڵه دۆم ئه‌و هه‌سته‌ی نه ته‌نیا له مناڵانی له دایکبووی شاره‌که پێک هێناوه به‌ڵکوو، هه‌ستێکه که له هه‌ر دانشتوویه‌کی شاره‌که به‌دی ده‌کرێ. Der Dom ist das Wahrzeichen Kölns(دۆم شێمای راسته‌قینه‌ی کۆڵنه). دۆم به قیمه‌تترین په‌یکه‌ر و بینای ژماره یه‌که له هه‌موو ئاڵمان که ساڵانه زیاتر له 6 ملیۆن که‌س بۆ بینینی دێنه شاری کۆڵن. کلیسای دۆم به به‌رزایی 157,38 مه‌تر دووهه‌مین کلیسای به‌رزی ئوروپایه. چوونه سه‌ر لوتکه‌ی کلیسای دۆم 2،50 ئۆیرۆی خه‌رجه.
- کۆلش
کۆلش به‌ناوبانگترین بیره(ئابجۆ)ی شاری کۆڵنه و له ده‌ره‌وه‌ی شاری کۆڵن و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمانیش به‌ناوبانگه تا ئه‌و جێگایه‌ی له وڵاتی “چین”یش ده‌ست ده‌که‌وێ. ئه‌م چه‌شنه بیره‌یه له ساڵی874 ه‌وه له شاری کۆڵن به‌رهه‌م ده‌هێندرێ و تا ئێستاش له هه‌موو ماڵه کۆڵنییه‌ک ده‌خورێته‌وه، به تایبه‌ت له کاتی شادی و خۆشی و سه‌یراندا. ئه‌وه‌ش بگوترێ که بیره‌ی کۆلش به خواردنه‌وه‌یه‌کی میللی شار و خه‌ڵکی کۆڵن ده‌ناسرێ واته Nationalgetränk.
- بیره‌خانه
دروستکردنی بیره لێزانی و پسپۆڕی گه‌ره‌که و هه‌ر بیره‌یه‌ک له زار و ته‌بیعه‌تی هه‌ر تاکێک خۆش نایات، شارێکی وه‌ک کۆڵن تایبه‌ته بۆ دروستکردنی بیره، هه‌ر بۆیه ده‌یان کارگه‌ی بیره‌دروستکردن به پشتیوانی مێژووی دوور و درێژ چه‌ند چه‌شن بیره دروست ده‌که‌ن که به که‌یف و مه‌یلی هه‌ر تاکه که‌سێک بێ، له پاڵ کارگاکانی بیره‌سازی سه‌دان شوێنی تایبه‌ت بۆ خۆردنه‌وه‌ی هه‌موو چه‌شنه‌کانی بیره‌ی کۆڵن هه‌یه.
- مریشک یان که‌ڵه‌باب
“Höhner” ناوی به‌ناوبانگترین تیپی مۆسیقای شاری کۆڵنه و ناوه‌که‌ی گرێدراوی شاری کۆڵن و فه‌رهه‌نگ و خه‌لکه‌که‌یه‌تی، له پاڵ ئه‌وان و بیره‌ی کۆڵن گه‌لێک خواردنی تایبه‌ت هه‌یه که خواردنیان له گه‌ڵ بیره تام و چێژی تایبه‌ت ده‌به‌خشن وه‌کوو نانی کۆڵن، وه‌کوو په‌نیری ئه‌و ده‌وه‌ره، وه‌کوو کالباسی ده‌ستکردی کۆڵن، وه‌کوو خاویاری شاری کۆڵن. ئه‌ڵبه‌ت خواردنی تایبه‌تی شاری کۆڵن به‌مانه کۆتایی پێ نایات و به‌وانه‌ش ده‌ست پێ ناکات. هه‌رکه‌س برسی بێ و له رستۆرانه تایبه‌تییه‌کان به شوێن خواردنی تایبه‌تدا بگه‌ڕێ ئه‌وه بێ گومان به پێی مه‌یل و ئیشتیای خۆی په‌زیرایی لێ ده‌کرێ و رازیش ده‌گه‌ڕێته‌وه.
- کارنه‌واڵ
کۆڵن له گۆتره نه‌بۆته پێته‌ختی کارنه‌واڵ له هه‌موو وڵاتی ئاڵمان. خه‌ڵکی کۆڵن پێیان وایه جگه له چوار وه‌رزی ساڵ، وه‌رزی پێنجه‌میش هه‌یه. له‌و وه‌رزه‌دا خه‌ڵکی شاری کۆڵن هه‌موو جیاوازییه‌کانی خۆیان هه‌رچی بێت له بیر ده‌به‌نه‌وه و به‌یه‌که‌وه ده‌که‌ونه جێژن و شادی و سه‌ما کردن. ئه‌و وه‌رزه وه‌رزی کارنه‌واڵه. فیناڵی جێژنه‌که هه‌ر رۆژی دووشه‌ممه‌یه که به der Rosenmontagszug ناوبانگه. له‌و رۆژه‌دا کاروانی کارنه‌واڵ وه‌ڕێ ده‌که‌وێ که له هه‌موو ده‌سته و گروپی کۆمه‌ڵایه‌تی، پیشه‌یی و تاقمی جیاواز تێیدا به‌شداری ده‌که‌ن و شار یه‌کپارجه ده‌بێته جێژن و شادی. ده‌ستپێکی کارنه‌واڵ هه‌موو ساڵێک له رۆژی 11ی مانگی 11 سه‌عات 11 و 11 ده‌قیقه و 11 ثانیه ده‌ست پێده‌ک، به‌ڵام کاروانی کارنه‌واڵ له مانگی رێبه‌ندان ده‌ست پێده‌کات.
- تیمی فوتباڵ Der 1. FC Köln
خه‌ڵکی کۆڵن به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که لایه‌نگری گیسکه‌که‌ی “هه‌یاسی خاس”ن، ببوورن گیسکه‌که‌ی تیمی فوتباڵی کۆڵنن، له کاتی کایه و کێ به‌رکێی تیمه‌که‌یاندا شاری کۆڵن و مه‌یدانی فوتباڵه‌که‌ی( شوینی یارییه‌کانی جامی جیهانی 2006) ده‌که‌نه رۆژی حه‌شر(ئه‌لبه‌ت ئه‌گه‌ر رۆژێکی وا هه‌بێ).
- Der Kölsche Klüngel
“Man kennt sich und man hilft sich.” ئه‌وه قسه‌ی سه‌دری ئه‌عزه‌می پێشووی ئاڵمان و سه‌رشارداری پێشتری شاری کۆڵن “کۆنراد ئادرناوه” یه، مانای وته‌که‌ی ئه‌وه‌یه که مرۆڤ له گه‌ڵ یه‌کتر ئاشنا ده‌بێ و یارمه‌تی یه‌کتر ده‌دا. “کۆلشه کلونگه‌ل” ده‌بێ ئه‌و مانایه بدات که مرۆڤ یارمه‌تی یه‌کتر ده‌ده‌ن، به وته‌ی سه‌رزاری خه‌ڵکی کۆڵن ده‌ستێک ده‌سته‌که‌ی دیکه ده‌شوا. “eine Hand wäscht die andere”یان ده‌ستێک تێکه‌ڵ به ده‌ستێکی دیکه ده‌بێ”vernetzt”. کلونگه‌ل لایه‌نێکی دیکه‌شی هه‌یه که له به‌ر چاوی خه‌ڵک ون نه‌بووه، ئه‌ویش به‌رتیل خواردن، تێکه‌ل و پێکه‌ڵ کردنی مه‌یلی خه‌ڵک و به‌رینکردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وندی تاکه که‌سییه، هه‌مووی ئه‌وانه له کارنه‌واڵه‌کاندا ده‌بنه تێم و مه‌به‌ست بۆ ره‌خنه لێگرتن و ده‌ربڕینی بێزاری.
- ئاوی کۆڵن(ئۆدکلۆن)
که‌م که‌س هه‌یه له دنیا ئاوی کۆڵنی به خۆی و جل وبه‌ورگیدا نه‌پڕژاندبێ و له به‌ر بۆنی خۆشی ئه‌و ئاوه هه‌ستی به که‌یف خۆشی نه‌کردبێ. ئه‌و ئودکۆلۆنه‌ی هه‌ر رۆژێک ژن و پیاو به‌کاری ده‌هێنن هیچ مانایه‌کی نییه جگه له Eau de Cologne ئاوی کۆڵن، وشه‌که فه‌رانسییه و له کوردی خۆشمان نزیکه. ئۆدکۆلۆنی 4711 ه شوێنی له دایک بوونی کۆڵنه و کارگا و کارخانه‌که‌ی جێگای سه‌ردانی زۆرێک له توریسته‌کان و میوانه‌کانی شاری کۆڵنه. کارگای سه‌ره‌کی ئۆدکۆلۆن ساڵی 1709 بنیات ننراوه و هه‌ر له‌و رۆژه‌وه بونیادنه‌رانی ئاوی بۆن خۆش له به‌ر خۆشه‌ویستی شاره‌که‌یان ناوی ئه‌و ئاوه بۆنخۆشه‌یان ناوه “Eau de Cologne”[بۆ وه‌رگرتنی زانیاری زۆرتر بابه‌تی ئاوی کۆڵن هه‌ر له‌و ماڵپه‌ڕه‌دا بخوێنه‌وه]
- قانوونی بنه‌ڕه‌تی کۆلش
کۆڵن قانوونی ئه‌ساسی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و هه‌بووه، مخابن نووسه‌رانی ئه‌و قانوونه و ساڵی نووسینی روون نییه، به‌ڵام قانوونه‌که هه‌ر ئێستاش باوه‌ڕی پێده‌کرێت و به‌نده‌کانی به شاهێد ده‌هێندرێته‌وه. خوێندنه‌وه‌ی 5000 ساڵ مێژووی شاری کۆڵن که سه‌رده‌مێک شارێکی سه‌ربه‌خۆ وه‌ک وڵاتێک بووه، ره‌نگه وڵامی ئه‌و پرسیاره روون کاته‌وه. ئه‌و قانوونه له 11 به‌ش پێک هاتووه که وه‌ک قانوون بۆ ژیانی خه‌ڵکه‌که پشتی پێبه‌ستراوه.
- باوه راین Vater Rhein
ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئه‌و شاره چۆمی گه‌وره‌ی راین که شاری کۆڵن ده‌کاته دوو به‌ش، به باوکی خۆیان بزانن شتێکی سه‌یر نییه، چۆمی راین جگه له جوانییه که‌م وێنه‌که‌ی، گرێدراوی ژیانی خه‌لکه‌که‌یه‌تی، ته‌نانه‌ت شاعیری گه‌وره‌ی کورد هه‌ژار 50 ساڵ به‌ر له ئه‌مڕۆ ده‌چێته سه‌ر چۆمی راین و فرمێسکی پر له تاسه‌ی خۆی تێکه‌ڵ به ئاوی راین ده‌کات و سکاڵای میلله‌ته‌که‌ی ده‌باته لای و به‌سه‌رهاتی چۆمه‌کانی کوردستانی بۆ ده‌گێڕیته‌وه. چۆمی راین 1324 کیلۆمه‌تر درێژه، 7 پردی مه‌زن که هه‌رکام جوانی و تایبه‌تی خۆیان هه‌یه هه‌ردوو به‌شی راست و چه‌پی کۆڵن له گه‌ڵ یه‌ک گرێ ده‌ده‌ن و ژیانی هاوبه‌شی خه‌ڵکه‌که میسه‌ر ده‌که‌ن. مێژووی کۆنی شاره‌که که له چه‌ند رۆمان‌دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه نیشانی ده‌دا که له سه‌رده‌مانی کۆندا دوو به‌شی راست و چه‌پی چۆمی راین له رێگای لۆتکه‌وه له گه‌ڵ یه‌ک گرێ دراون و سه‌ر چۆمی راین دایم پڕ له لۆته‌که بووه. هه‌روه‌ها له ساڵی 1957ی زایینییه‌وه خه‌ڵکی کۆڵن ئه‌و ئیمکانه‌یان بۆ ڕه‌خسا که له رێگای ته‌له کابینه‌وه له چۆمی راین بپه‌ڕنه‌وه و له ئاسمانه‌وه چاویان به راین و شاره‌که بکه‌وێت. ئه‌و پردانه‌ی که له سه‌ر راین هه‌ڵبه‌ستراون له شه‌وانی جه‌ژنی سه‌ری ساڵ و ئاوربازی شاری کۆڵن ده‌بنه جێگه‌ی ژوانی هه‌زاران هه‌زار که‌س به تایبه‌ت کاتی تازه‌بوونه‌وه‌ی ساڵ، هه‌زاران ئینسان له سه‌ر ئه‌و پردانه بۆ تازه‌کردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی و ده‌ستپێک ساڵ و ژیانی تازه ، یه‌کتر له ئامێز ده‌گرن و پێکی شه‌راب به سڵامه‌تی یه‌کتر له یه‌ک ده‌ده‌ن. به‌و جۆره پردی راین ته‌نیا دوو به‌شی راست و چه‌پی شار له گه‌ڵ یه‌ک گرێ نادا به‌ڵکوو دوو دڵیش له یه‌ک گرێ ده‌دا.


