ئاو و ئاور و نه‌ورۆز
Mar 17th, 2010 | By colognelife | Category: فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر, مرۆڤ و کۆمه‌ڵگا
له پێوه‌ندی له گه‌ڵ نه‌ورۆزدا گه‌لێک داب و نه‌ریتی جوان هه‌یه که یا زاده‌ی بیر وهزر، ویاخۆ زاده‌ی خه‌یاڵ و زیهنی مرۆڤ بووه، مرۆفێک که نه‌ورۆز به جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌زانێ. له پاش ته‌واوبوونی چله‌ی گه‌وره که 40 رۆژ ده‌خاێنێ، چله چکۆله ده‌ست پێده‌کا، که ئه‌ویش ته‌مه‌نی 20 رۆژه ،دوایه هێدی هێدی سه‌رما ده‌شکێ و مانگی ڕه‌شه‌ممه ده‌ست پێده‌کا.چله‌ی گه‌وره و چکۆله به‌یه‌که‌وه ماوه‌یان 60 رۆژه و مانگی ڕێبه‌ندان و به‌فرانبار له‌خۆ ده‌گرن. چله‌ی گه‌وره له کورده‌واریدا به برای گه‌وره ناسراوه و چله‌ی چکۆله به برا چکۆله، ده‌بێ چله‌ی گه‌وره ده‌ڵڕه‌حمتر بێ هه‌ر بۆیه له 40 رۆژی یه‌که‌می زستاندا، سه‌رما تووند نییه، به‌ڵام چله‌ی چکۆله به هه‌ر هۆیه‌ک که بۆی داندراوه، سه‌رما و سۆڵی زۆرتره و له بیست رۆژی ژیانیدا، به وته‌ی خۆی ده‌یه‌وێت زه‌بر وزه‌نگی خۆی نیشان بدا، هه‌ر بۆیه ناوه‌ڕاست مانگی زستان سه‌رما سه‌خت تر و دژوارتره. پاش ئه‌و دوو برایه، پیرێژن دێ که ده‌گوترێ هه‌ر 5 رۆژ ماوه‌ی ژیانیه‌تی، ئه‌و ده‌یه‌وێ تۆڵه له هه‌ر دوو برا بکاته‌وه و سه‌رمایه‌کی سه‌خت و دژوار به سه‌ر جیهاندا فه‌ڕز بکات، به‌ڵام ماوه‌ی ژیانی کورته و به تێپه‌ڕبوونی ته‌مه‌نی پیرێژن، ئیتر ترس و خۆف له زستان نامه‌ێنێ و له هه‌ر لایه‌که‌وه هه‌واڵ و خه‌به‌ری به‌هار و نه‌ورۆز له گوند و له شار ده‌بیسترێ، یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی که هه‌واڵی نه‌ورۆز و به‌هار ده‌هێنێ و بڵاوی ده‌کاته‌وه، کۆسه‌یه که له شوێنه‌کانی کوردستان و ئێران و ئازه‌ربایجان نێوی هێندێک جیاوازی هه‌یه، کۆسه گه‌ردی، کۆسه‌ی هه‌جیج، کۆسه به‌به، کۆسه گه‌لین هێندێک له‌و ناوانه‌ن. کۆسه و ئه‌و تاقمه‌ی که له گه‌ڵ کۆسه به‌به ده‌گه‌ڕێن دیسان به شێوه‌ی نواندنی جیاواز ده‌بیندرێن، له هێندێک شوێن کۆسه جل و به‌رگی به‌رئاوه‌ژوو له به‌ر ده‌کات و دوو لینگ کلاش له جیاتی گوێچکه له دوو لای سه‌ری قایم ده‌کا و به ئارد ده‌م و چاوی سپی ده‌کا و ئه‌وجا پاشه‌وپاش سواری که‌ر ده‌کرێ و به ده‌نگ و گۆرانی و ئاواز ده‌گه‌ڕێ و خه‌به‌ری هاتنی نه‌ورۆز ده‌دات.
له ناو فارسه‌کان و له شاره‌کان ئه‌و کاره حاجی فیروز ده‌یکا، که‌سێک که جل و به‌رگی سوور ده‌پۆشێ و سه‌روچاوی ڕه‌ش ده‌کا و به دایره(ده‌فه‌یه‌کی بچکۆڵانه) له کۆچه و کۆڵان و شه‌قامه‌کان ده‌گه‌ڕێ و شیعر و گۆرانی گۆڵمه‌زی و به‌هاری ده‌چڕێ. یه‌که‌مین جه‌ژنی به‌ر له نه‌ورۆز جه‌ژنی چوارشه‌ممه قوله‌یه له کوردستان و له شوێنه‌کانی فارس نشین به چوارشه‌ممه سوری ناو ده‌برێ. له چوارشه‌ممه قوڵه‌دا له سه‌ر بانی ماڵه‌کان یان له کۆڵان ئاور ده‌کرێته‌وه و هه‌ر که‌س به سه‌ر ئاوردا باز ده‌دات. له لای فارسه‌کان له کاتی بازدان دا ده‌گوترێ، زه‌ردی من لۆ تۆ و سووری تۆ بۆ من، ئه‌وه‌ش مه‌به‌ست ئاگره‌که‌یه که زه‌ردی به‌رێت بۆ خۆی و رووسووری و گه‌شی خۆی بدا به‌و که‌سه که به سه‌ریدا باز ده‌دا.
له به‌ره‌به‌ری نه‌ورۆزدا کیژان و کوڕان به تایبه‌ت له گونده‌کان ده‌چنه سه‌ر سه‌ربانی ماڵه‌کان پشتێنی گرێ‌دراو له زه‌رفیك به به‌ر په‌نجه‌ره یان له کولاوکه‌ی ماڵه‌کانه‌وه شۆڕی ده‌که‌نه‌وه و ده‌ڵێن هه‌لاوه مه‌لاوه شتێکمان بۆ بخنه بن تاوه کوڕه‌که‌تان ببێت به زاوا، ئه‌و که‌سه‌ی که ئه‌و قسانه ده‌کات ره‌نگه دڵداری کچی ماڵه‌که‌ش بێت.
نه‌ورۆز دوو لایه‌نی ئوستووره‌یی و مێژوویی- نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه که له ناو نه‌ته‌وه‌کانی جیاوازدا ده‌وری جیای گێڕاوه. ره‌نگه له ناو هیچکام له نه‌ته‌وه‌کاندا وه‌ک کورد له سه‌رده‌مه‌کانی جیاوازدا ده‌وری نه‌گێڕابێت، که ئه‌وه هۆی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. نه‌ورۆز بۆ کورد جگه له لایه‌نی ئوستووره‌یی و میللی و فه‌رهه‌نگی له سه‌ره‌تاوه هه‌تا ئه‌ورۆ، گرێدراوی ویست و خواستی ئازادی و رزگاربوون بووه. ره‌هابوون له ژێرده‌ستی و سته‌م.
ئاور جیا له لایه‌نی ئایینی و مه‌زهه‌بی، نیشانه بووه بۆ خه‌به‌ردان بۆ ئاگادارکردنه‌وه، وه‌ک ده‌هۆڵ یان نه‌قاره که هه‌رکیان له کوردستان بۆ ئاگادارکردنه‌وه و خه‌به‌ردان به‌کارهێنراون. له سه‌رده‌مانی کۆندا که‌ره‌سه بۆ خه‌به‌ردان که‌م بووه، هه‌ر بۆیه به هۆی بارودۆخی شاخاوی کوردستانیش، ئاور باشترین نیشانه بووه بۆ خه‌به‌ردان،خه‌به‌ردانی رزگاریی و سه‌ربه‌ستی. ئاوری هه‌ر شاخێک خه‌به‌ر بووه به شاخێکی دیکه، به‌وجۆره هه‌موو سه‌رزه‌مینی ئێمه و میلله‌تانی دیکه ئاگاداری ئه‌و ڕه‌مز و رازه کراون، به تایبه‌ت ئه‌و ره‌مزه له چیرۆکی کاوه‌ی ئاسنگه‌ردا ده‌وری سه‌ره‌کی هه‌بووه.
ئاور جگه له ئایینی زه‌رده‌شتی و میترایی، له ئه‌فسانه و میتۆلۆژیای مێزۆپۆتامیا، مانای دوورتر له ئایینی هه‌بووه ، به تایبه‌ت له لای کورد و فارسه‌کان و نه‌ته‌وه‌کانی ‘ئاریایی” ئاگر جگه له رووناکی، پاککه‌ره‌وه له پیسی و چه‌په‌ڵی بووه. بۆ وێنه سیاوه‌ش له ئه‌فسانه‌ی خوێنی سیاوه‌شدا بۆ ئه‌وه‌ی ئیسپاتی پاکی خۆی بکات، ده‌بوو له ناو ئاور ده‌رباز بێ، “ئه‌گه‌ر پاک بێت ئاور زه‌فه‌ری پێ نابات و ئه‌گه‌ریش ناپاک بێت ئاور ده‌یسوتێنێ”. ئه‌وه‌ش ده‌زانین ئاگر له مێۆدۆلۆژیای یۆنانییه‌کاندا که زۆر له ئێمه نزیکن ده‌وری هاوچه‌شنی گێڕاوه .
ئاو شێما و سه‌نبولێکی دیکه‌ی نه‌ورۆزه، که دیسان له ناو کورده‌واریدا ده‌وری هه‌ر ماوه. کورده‌کان له به‌ره‌به‌یانی نه‌ورۆزدا که هێشتا بوومه‌ڵێلی به‌یانییه، ده‌چنه سه‌ر چۆم و کانی و جه‌ره‌ی تازه پڕ له ئاو ده‌که‌ن و دیهنه‌وه ماڵ و جه‌ڕه‌ی کۆن له سه‌ربانی ماڵه‌وه فڕێ ده‌ده‌ن و دیشکێنن. دیسان ئاو جگه له‌وه‌ی یه‌کێک له عونسوره‌کانی ژیانه، یه‌کێک له هێماکانی ئایینی میتراییه و ڕێزی زۆر له ئاو ده‌گیرا.
سه‌وزایی و ره‌نگی سه‌وز، هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ورۆز به پێی رۆژژمێری کۆن و نوێ سه‌ره‌تای ساڵ و دوباره ژیانه‌وه‌ی سروشت و هاتنی به‌هاره، هێمایه بۆ ژیان، سه‌وزه و ره‌نگی سه‌وز جگه له‌وه‌ی پێوه‌ندی به ئایینی کۆنی زه‌رده‌شتی و بنه‌مای فکری زه‌رده‌شته‌وه هه‌یه، پێوه‌ندی به سروشت و هه‌روه‌ها خاکه‌وه هه‌یه، لێره‌وه سێهه‌مین عونسوری ژیان واته خاک له نه‌ورۆزدا ره‌نگ ده‌داته‌وه. [ره‌نگی سه‌وزی ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ی ئێستا له ئێران دوور له مێژوو و میتۆدۆلۆژیای میلله‌تانی سه‌رزه‌مینی ئێرانی ئێستا نییه، هه‌رچه‌ند وه‌ک زۆر شتی دیکه موسڵمانه‌کان ره‌نگی سه‌وزیشیان دزیوه و تێکه‌ڵ به توندوتیژی و تیرۆریسمیان کردووه، به‌ڵام ئێمه‌ی کورد ده‌بێ که‌سایه‌تی ڕه‌نگی سه‌وز بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ خۆی]
به کورتی ئاگر، ئاو، خاک(سه‌وزه) وه‌ک سێ هێما و شێمای نه‌ورۆز به حیساب دێن که هه‌موویان له ئازادی مرۆڤ و سروشتدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه.ئازادییه‌یک که هێشتا هه‌ر ئاواته.
باسکردن له سه‌ر عونسوره‌کانی دیکه که لکێندراون به نه‌ورۆزه‌وه جێگای باس و خواستن و ره‌نگه لێره‌دا پێویست نه‌بێ. ئه‌م شتانه‌ی که لێره‌دا باس کران هه‌م له سه‌رچاوه‌کانی رۆژئاوایی کۆن و نوێ‌دا ده‌بیندرێن هه‌م له هێندێک له سه‌رچاوه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی. ئه‌وه‌ش بزانین له 30 ساڵی رابووردودا قسه و باسی زۆر بێ مانا له سه‌ر نه‌ورۆز کراوه، که پێوه‌ندی به سیاسه‌ته‌وه هه‌یه که نابێ نرخیان بۆ دابندرێ.
یه‌کێکی دیکه له ڕێ وڕه‌سمه هه‌ره جوانه‌کانی نه‌ورۆز میر میرێن یان میری نه‌ورۆزیه. میری نه‌ورۆزی له گه‌ڵ هاتنی به‌هار و یه‌که‌مین رۆژی نه‌ورۆز له لایه‌ن خه‌ڵکی هه‌ر شار و گوند و ناوچه‌یه‌که‌وه هه‌ڵده‌بژێردرا، ئه‌و که‌سه که له نیو هه‌موو نوکته زان و قسه خۆشه‌کانی ناوچه‌دا باڵا ده‌ست بووایه و به هیچ شتێک پێکه‌نینی نه‌هاتبا، له کێ به‌رکێیه‌کدا ده‌بوو به میر. میری نه‌ورۆزی له‌و کاته‌وه که هه‌ڵبژێردرا ده‌بوو به میری ناوچه‌که و میر ده‌بوو جێگای بۆ چۆڵ بکات، ده‌سته‌ڵاتی میری نه‌ورۆزی که ده‌سته‌ڵاتی خه‌ڵکه، ئه‌ندامه‌کانی له لایه‌ن میری نه‌ورۆزییه‌وه دیاری ده‌کرا، ئه‌و ده‌سته‌ڵاته هه‌تا رۆژی سێزده‌به‌ده‌ر درێژه‌ی په‌یدا ده‌کرد. له‌و ماوه‌دا هه‌ر بڕیارێک که له لایه‌ن میری نه‌ورۆزییه‌وه ده‌رکرابا، ده‌بوو جێ به‌جێ بکرێ. خه‌ڵک ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان ده‌قوازته‌وه و سکاڵای خۆیان ده‌برده لای میری نه‌ورۆزی، که‌سانی ده‌زگای حکومه‌تی و میر خۆی، گوێان له سکاڵای خه‌ڵک ڕاده‌گرت و عادڵانه بڕیاریان ده‌دا. میری نه‌ورۆزی و ده‌سته‌ڵاتی میری نه‌ورۆزی ڕێ و ره‌سمێکی گه‌لێک گونجاو بوو بۆ ده‌سته‌ڵاتی خه‌ڵک له کۆمه‌ڵگادا.
سێزده‌به‌ده‌ر دواهه‌مین رۆژی نه‌ورۆزه و له‌و رۆژه‌دا نه‌ورۆز به‌دره‌قه ده‌کرێ، هه‌تا هاتنه‌وی له ساڵی داهاتوو. له‌و رۆژه‌دا خه‌ڵک به خڕێ ماڵ به جێ ده‌هێڵن و به‌ره‌و ده‌شت و سه‌حرا وسه‌ر شاخه‌کان ده‌چن و ته‌واوی رۆژ له ناو سروشت و ته‌بیعه‌تدا ده‌مێنه‌وه و به خۆشی رایده‌بوێرن. له کۆتایی رۆژدا هه‌ر که‌س 13 کوچک، به‌رد هه‌ڵده‌گرێ و دانه به دانه به لای شانی ده‌ست چه‌پ و ده‌سته ڕاست بۆ پشت سه‌ری خۆی فڕێیان ده‌دا، هه‌ر کام له‌و به‌ردانه یه‌کێک له ده‌رد و به‌ڵاکانی ئه‌و که‌سه له گه‌ڵ خۆی ده‌بات، به واتایه‌که‌ی دیکه له ڕێگای فڕێدانی ئه‌و سێزه‌ده به‌رده‌وه هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌کان له خۆ دوور ده‌کرێته‌وه. له لای فارسه‌کان و له هێندێک له ده‌وری کوردستان کچان سه‌وزه له یه‌ک گرێ ده‌ده‌ن و هێندێک که‌س له چاڵی ده‌نێن به‌و هیوایه له ساڵی تازه‌دا شوو بکه‌ن و بچنه ماڵی هاوسه‌ر. فارس ده‌ڵێین:” سال دگر بچه بغل”. ئێوه‌ش له‌و ساڵدا ئاره‌زووی واتان هه‌یه؟
نه‌ورۆزتان پیرۆز



