هاتووین له نه‌ورۆزی ئه‌مساڵه‌وه له گه‌ڵ ئێوه بین!
Mar 17th, 2010 | By colognelife | Category: گشتی
هه‌موو ساڵێک ڕێک له‌م رۆژه‌دا، سروشت ده‌ژێته‌وه و زه‌وی ده‌بووژێته‌وه و سارد و سه‌رما جێ بۆ گه‌رما چۆڵ ده‌کا، سروشت به ناردنی گوڵه گه‌زیزه پاش تووانه‌وه‌ی به‌فری زستان، هه‌واڵی هاتنی نه‌ورۆز و به‌هار ده‌گه‌یێنێته مرۆڤ،هه‌واڵی نوێ بوونه‌وه، هه‌واڵی بیری نوێ، ژیانی نوێ، خۆشه‌ویستی نوێ و هیوای نوێ، هیوای ره‌هابوون، هیوای ئازادبوون، هیوای بوون و هه‌بوون له جیهانی بێ قڕه و شه‌ڕ وبه بێ خه‌می گه‌وره.
هاتووین له نه‌ورۆزی ئه‌مساڵه‌وه رۆژ به رۆژ و سات به سات و ده‌م به‌ده‌م له گه‌ڵتان بین. جه‌ژنی نه‌ورۆز له نه‌ورۆزی ئه‌مساڵه‌وه رۆژێکی جیهانییه و ئێمه‌ی کورد له گه‌ڵ هه‌موو مرۆڤێکی دیکه گرێ ده‌دا، نه‌ورۆز ده‌بێته بۆنه‌یه‌ک بۆ هه‌ر ئینسانێک له سه‌ر گۆی زه‌وی، نه‌ورۆز له‌م ساڵه‌وه وه‌ک به‌شێک له ناسنامه و فه‌رهه‌نگی ئێمه ماڵ به ماڵ لێره و له‌وێ ده‌گوێزرێته‌وه، یه‌کێک له‌و ماڵانه شاری کۆڵن و رۆژنامه‌ی ئینترنێتی “کۆڵن لایف” ه، که بۆ یه‌که‌م جار له مێژووی رۆژنامه‌گه‌ریی ئاڵمانیدا، زمانی کوردی هاوته‌رازی زمانی ئاڵمانی ده‌کات و په‌نجه‌ریه‌ک به‌ره‌ورووی کورد ده‌کاته‌وه. کۆڵن لایف یه‌که‌م رۆژنامه‌ی ئینترنێتی ئاڵمانیه که به‌شێکی تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆ ته‌رخان ده‌کات به زمانی کورد. له نه‌ورۆزی 2710 به دواوه، کوردی و ئاڵمانی وه‌ک دوو زمان له یه‌ک بنه‌ماڵه‌ی زمانی زانیاری له یه‌ک وه‌رده‌گرن و زانیاری به یه‌ک ده‌به‌خشن. خوێنه‌ری ئاڵمانی له رێگای زمانه‌که‌یه‌وه له کورد و فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر و ژیان و بیر وهزری مرۆڤی کورد، نزیک ده‌بێته‌وه و به پێجه‌وانه کورده‌کانیش له رێگای زمانه‌که‌یانه‌وه زۆرتر ئاگاداری هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیان و بیر و هزر و فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر و کۆمه‌ڵگای ئاڵمان به تایبه‌ت شاری کۆڵن ده‌بن. هه‌روه‌ها کوردی هه‌موو ده‌وه‌رێکی جیهان و ئاڵمان و به تایبه‌ت شاری کۆڵن له یه‌ک نزیک ده‌کاته‌وه.
کؤلن لایف له نه‌ورۆزی ئه‌مساڵه‌وه له گه‌ڵ ئێوه و هاوپا له گه‌ڵ ئێوه، ده‌ست به ژیانی خۆی ده‌کات. کۆڵن لایف ده‌بێته ئاوینه‌ی راستگۆی هه‌واڵ و زانیاری پێویست بۆ هه‌ر که‌س و هه‌موو که‌س.
نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ و هه‌ر ساڵێکتان له گه‌ڵ کۆڵن لایف پیرۆز بیت.


