پارله‌مانی نوێ و ده‌وڵه‌تی کۆن له نۆردڕاین وێستفالن؟!
May 28th, 2010 | By colognelife | Category: Allgemeinبیست رۆژ له هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی نوێ له نۆردڕاین وێستفالن تێده‌په‌ڕێ، به‌ڵام هێشتا ده‌وڵه‌تی کۆن له‌و ئه‌یاله‌ته حاکمه. حزبه‌کان دوای ئه‌و هه‌ڵبژاردنه خه‌ریکی گفت وگۆ، ده‌مه قڕه و سه‌وداو مامه‌ڵه له گه‌ڵ یه‌کتر بوون بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تازه پێک بێنن، به‌ڵام چۆنیه‌تی ده‌نگه‌کان به چه‌شنێکه که هیچکام له حزبه‌کان به تایبه‌ت سوسیال دێموکرات و دێموکرات مه‌سیحی ناتوانن به ته‌نیا دوڵه‌ت پێک بێنن. مه‌سیحی دێموکرات و لیبراله‌کان به یه‌که‌وه‌ش ده‌نگی ته‌واویان بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت نییه، به هه‌مان شێوه سوسیاڵ دێموکرات و حزبی سه‌وزه‌کانیش ئه‌و ژماره ده‌نگه‌یان بۆ پێک هێنانی ده‌وڵه‌ت نییه. دێموکرات مه‌سیحی و لێبراڵ پێویستیان به ده‌نگی سه‌وزه‌کان ، یان حزبی چه‌پ هه‌یه، راستی راست و چه‌پ و چه‌پی چه‌پ به یه‌که‌وه نایانه‌وێ ده‌وڵه‌ت پێک بهێنن، یان له حزبی ناوه‌نده‌وه رازی به‌و زه‌ماوه‌نده سه‌یره نین. سوسیال دێموکرات و سه‌وزه‌کانیش پێویستیان به ده‌نگی حزبی چه‌پ یان لیبراله‌کان هه‌یه، ئه‌وه‌ش هه‌ر تا ئێستا سه‌ری نه‌گرتووه، له به‌ر دژبه‌رانی ئه‌و یه‌کگرتنه له هه‌موو حزبه‌کانی نۆردراین وێستفالن و حزبه‌کانی ناوه‌ند له به‌رلین. هێندێک خه‌ون به دروست بوونی ده‌وڵه‌ت به به‌شداری سوسیال دێموکرات و دێموکرات مه‌سیحییه‌وه ده‌بینن. ئه‌و دوو حزبه‌ی له هه‌شت ساڵی رابووردودا له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه ڕه‌خنه‌ی زۆریان لێگێراوه و هه‌ر بۆیه‌ش ده‌نگی پێویستیان نه‌هێناوه‌ته‌وه. مامه‌ڵه‌کانی پشتی په‌رده به‌ری نه‌داوه و ئه‌یاله‌تی نۆردراین وێستفالن به که‌ڵه‌که‌بوونی کۆمه‌ڵێک گرفتی ئه‌ساسی سیاسی و ئیقتیسادی و فه‌رهه‌نگی له داماوی سیاسی حزبه‌کاندا، قه‌تیس ماوه‌ته‌وه. له کاتی وادا بۆ چاره‌سه‌ری گرفتی له‌و چه‌شنه زۆر که‌س په‌نا بۆ خوا ده‌بات، به‌ڵام له‌وه ناچێ، ئه‌ویش یارمه‌تی ده‌ری ئه‌ربابانی سیاسه‌ت بێ.


