Deutsch Kurdisch Persisch

پرچی دایکم و تراژێدی دەرسیم

Jun 5th, 2010 | By colognelife | Category: فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر

 

ئەمڕۆ شەممە ٥ی مانگی یونی ساڵی ٢٠١٠ سینەدۆم گەورەترین سینەمای شاری کۆڵن، لە مەیدانی میدیا پارک، بە پێچەوانەی هەر رۆژێکی ساڵ پڕ بوو لە کورد. هۆی ئەو قەرەباڵغییە لە هۆڵی ژمارە چوار، نیشاندانی فیلمێک بوو لە سەر یەک لە کارەساتەکانی کورد لە سەدەی بیست.

٧٢ ساڵ بەر لە ئێستا پاش لە سێدارەدانی شێخ رەزای دەرسیمی و قتڵ وعامی خەڵک، کۆمەڵێکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچەی دەرسیم بە زۆری ئەرتەشی ترک، راگوێزران بۆ شوێنێکی دیکە.  پاش کووشتن و سەربەنیس کردنی دایک و باوکەکان، منداڵانی کورد ڕادەگوێزرێن. دەرهێنەرانی فیلمی کچانی وون بوو، نزهەت و کازم گویندۆغان بە شوین ئەو منداڵانەدا دەگەڕین و چەند کەسیان پەیدا دەکەن . فیلم لە سەر گێڕانەوەی بەسەرهاتی ئەو منداڵانە بە تایبەت دوو لە کچانی وون بوو ساخ بۆتەوە.

فیلمەکە جگە لە گێڕانەوە کارەساتەکە، کۆمەڵێک وێنەی ئەو سەردەمانە لە خۆی دەگرێ. سەرەتای فیلمەکەش بە چەند وێنە لەوانە وێنەی شێخ رەزا دەست پێدەکات و هاوکات لە ڕێگای وێژەرەوە باسی ئەو سەردەمە دەکرێ. پاشان فیلمەکە بە کردنەوەی گرێی پرێسکەیەکی بچکۆلانە دەست پێدەکات. نزهەت و کازم گویندۆغان بەم شێوەیە بەسەرهاتی ژیانی کچانی وون بوو لە زمانی دوو ژن وەک شاهیدی زیندوو و کەسانی نزیکیانەوە دەگێڕنەوە. فیلمەکە ڕەنگە لە لایەنی هونەریی و فیلم سازییەوە زۆر کەس ڕازی نەکات و زۆر بکەوێتە بەر ڕەخەنە، بەڵام لە لایەنی مێژوویی و سیاسی و ئینسانییەوە، کارێکی بە نرخە. نزهەت کە خۆی وەک کچە کوردێک لە دانشگاوە رەوانەی ژووری زیندانەکان کراوە، دوای هاتنە دەر لە زیندان لە ڕێگای رێکخراوی مافی مرۆڤەوە فێری فیلم سازی دەبێ و بە فیلمی کچانی وون بوو، یان دوو چەپکە قژ، پەردە لە سەر یەکێک لە جنایەتەکانی سەدەی بیست هەڵدەداتەوە ،کە دوای قڕکردنی ئەرمەنییەکان بە دەستی دەوڵەتی ترکیە، یەکیک لە کۆمەڵکوژییەکانی گەورە بووە کە بە سەر کوردەکان لە تورکیە هاتوە. نزهەت و کازم قڕکردنی دەرسیمییەکان بە دروست کردنی ئەو فیلمە دەهێنە ریزی کۆمەڵکوژییەکەی ئەرمەنییەکان، بەوەش سەند و بەڵگەنامەیەکی جیددی دەخەنە بەر چاوی مرۆڤی سەدەی بیست و یەک.

کورد لەو فیلمە و لە قسەکانی شاهیدانی هێشتا زیندووی ئەو کارەساتە ، دەتوانن کەڵک وەرگرن بۆ دادخواهی  خۆیان لە کۆمەڵگای ناونەتەوەیی. فیلمی کچانی وون بوو/دوو چەپکە قژ، بە کردنەوەی ئەو پرێسکانە کۆتایی پێدێت کە لە سەرەتای فیلمەکەدا دەیبینین، ئەوەش باشترین بەشی هەموو فیلمەکەیە، کە ناوی فیلمەکەش هەر لێرەوە وەرگیراوە. کچی یەکێک لەو دایکانە لە کاتی کردنەوەی پرێسکەکەدا، دوو چەپکە قژ نیشان دەدا. ئەوە ئەو تاڵە قژانەیە کە وەختی خۆی بە دەستی نیزامییەکانی ئاتاتورک هەڵپاچراوە و دایکەکە داویە بە کچەکەی  خۆی و داوای لێکردووە بیانپارێزێ. دوای تێپەڕبوونی حەفتاودووساڵ دوو چەپکە قژ داستانی دڵتەزێنی کچانی وونبووی ئێمە  ودایکیان دەگێڕێنەوە، کە چۆن ئەنفال کران. نەوەی ئەوژنانە ڕەنگە کەسانی وەک شیرین عەلەم هولی بن، کە ئیرادەیان ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران بە چۆک دادێنێ، یان لەیلا زانا بێ کە بوونی بۆتە هۆی عاسی بوونی ڕژیمی تورکیا. دوو چەپکە قژ دەبێ ڕێخۆشکەربێت بۆ دروستکردنی دەیان فیلمی لەو چەشنە بۆ بە بەڵگەکرنی کارەساتەکانی وەک ئەنفال، حەڵەبجە و بێ سەروشوێن کردنی ٥٩ لاوی مەهابادی و دەیان کارەساتی وەک لە سێدارەدانی لاوانی سنە لە باڵەفڕخانەی سنە و…!

کۆڵن لایف

Tags: ,

Leave Comment