کۆڵنییه‌کان له رۆژی سێزده‌به‌ده‌ر، نه‌ورۆزیان به‌ڕێ کرد!
Apr 2nd, 2010 | By colognelife | Category: گشتی
ئه‌مرۆ رۆژی هه‌ینی دووی ئا‌پریل به‌رانبه‌ر به 13ی خاکه‌لێوه، به‌شێک له خه‌ڵکی کۆڵن له Haus am See نه‌ورۆزیان له رۆژی سێزده‌به‌ده‌ر به‌ڕێ کرد، به‌و هیوایه‌ی ساڵێکی دیکه به دڵخۆشی بگه‌رێته‌وه. یه‌که‌م ساڵ بوو که به‌شێک له هاوکارانی کۆڵن لایف له گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵکه هاوڕێ ده‌بوون.
ئه‌مرۆ رۆژێکی تایبه‌ت بوو بۆ خه‌ڵکی کۆڵن، به تایبه‌ت بۆ گه‌ڕه‌کی لنیدنتاڵ و شه‌قامه‌کانی دویرنێر، میلیتررینگ و گلویلا. ره‌نگه به ده‌گمه‌ن له رۆژێکی وادا هێنده ماشێن له هات وچۆ دابووبێت، پۆلیس و به‌رپرسان له حه‌ول دابوون نه‌زمی ده‌وره‌که بپارێزن. ئه‌و که‌سانه‌ی که لێخوڕی ترومبیله‌کان بوون زۆربه به فارسی ده‌دوان، هه‌رکه شوێنێکی به‌تاڵیان چاو پێده‌که‌وت یه‌کسه‌ر ماشێنه‌که‌یان تێده‌ترنجاند، به‌لام که ده‌یانبیست پارک کردن له‌و ده‌وه‌ره 80 ئویرۆ جه‌ریمه‌ی له دوایه، رانه‌ده‌وه‌ستان و درێژه‌یان به رێگاکه‌یان ده‌دا.
کۆمه‌ڵێک له گه‌ڵ پۆلیسه‌کان قسه‌یان ده‌کرد و ره‌نگه به‌و هیوایه‌ی مایه‌یان بۆ دابنێن و لێگه‌رین پارکی بکه‌ن. له‌وه ده‌چوو رۆژی سێزده به‌ده‌ر رۆژی خۆش شانسی ئێمه بووبێت، پاش دۆزینه‌وه‌ی جێگا بۆ پارکی ماشێن به پییان خۆمان گه‌یانده شوینی پیک نیکی سێزده به‌ده‌ر. له قه‌راخ گۆمی ئاوه‌که کۆمه‌ڵێک له ژێر خێوه‌ت دابوون، زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ش له سه‌ر زیلۆ و به‌ڕه و به‌تانی دانیشتبوون. که‌سانێکیش بۆ خۆیان پیاسه‌یان ده‌کرد.
له گۆڕه‌پانێک کۆمه‌ڵێک مناڵ و دایک و باوکه‌کان خه‌ریکی کایه‌ی گۆڵف و کورد گوته‌نی خه‌ریکی گۆیه‌ن بوون. که‌سانێک خه‌ریکی لوته‌ک لێخوڕین بوون و که‌سانێکی دیکه‌ش خه‌ریکی تۆپێن بوون. زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ش له ده‌وری سفره و که‌وڵی نا دانیشتبوون و خه‌ریکی خواردن بوون، پیاوه‌کانیش بۆ سازکردنی که‌باب و برژاندنی گۆشت چه‌ره‌دوکه‌ڵیان ساز کردبوو. له سه‌ر سفره‌ی کورده‌کان هه‌رچه‌ند ژماره‌یان که‌متر بوو له فارسه‌کان دۆڵمه و یاپراخ ده‌بیندرا.
ئاڵمانییه‌کان بێ خه‌به‌ر له‌و به‌زمه، خه‌ریکی پیاسه و هه‌ڵاتن و دوچه‌رخه لێخوڕین خۆیان بوون. ژن و پیاوێک روویان کرده یه‌ک له هاوکاره‌کانمان و پرسی ئه‌و ترکان لێره چی ده‌که‌ن؟ هاوکاره‌که‌مان له وڵامدا گوتی ئه‌وانه ئیرانین و ئه‌ورۆ سێزده‌به‌ده‌ر دووا رۆژی جه‌ژنی نه‌ورۆزه. هیچی لێ تێنه‌گه‌یشتن، ئه‌وجا هاوکاره‌که‌مان به کاوه‌خۆ، بۆیانی باس کرد که نه‌ورۆز و سێزده به‌ده‌ر چییه. پیاوه‌که گوتی ئه‌گه‌ر بمانزانیبا ئاگردان و ساجی که‌باب کردنمان له گه‌ڵ خۆمان ده‌هێنا، هاوکاره‌که‌ی دیکه‌مان گوتی، خه‌م نییه بۆ سالێکی دیکه له‌بیرتان بێ، هه‌موو به پێکه‌نینه‌وه له یه‌ک دوور که‌وتنه‌وه.
له گه‌ڕانه‌وه‌دا چاومان به منداڵ و دایک وباوکه‌کان که‌وت که خه‌ریکی کۆکردنه‌وه‌ی به‌رد و کوچک بوون، یه‌ک له‌و منداڵانه له جیاتی سێزده‌به‌رد 30 دانه‌ی کۆکرد بووه، دانه به دانه به لا شانی راست و چه‌پدا بۆ پشته‌وه حه‌وای ده‌دا. به پێچه‌وانه‌ی رۆژی سێزده‌به‌ده‌ر، سه‌ره‌ڕای بوونی کچ و کیژێکی زۆر که‌سمان نه‌بینی خه‌ریکی گرێدانی سه‌وزه بێ، ڕه‌نگه پێویست نه‌بووبێ. ڕه‌نگه به دزیی و دوور له چاو که‌س و که‌سانێک نییه‌تیان کردبێ و سه‌وزه‌یان گرێ دابێ. کۆڵن لایف هیوای ئه‌ویه که له‌ساڵی تازه‌دا هیوا و ئاره‌زووی هه‌موو لایه‌ک بێته دی، جا سه‌وزه‌یان گرێ دابێ یان نه!
Foto: Colognelife







